موفتی پێنجوێنی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-15-12:47:00 - کۆدی بابەت: 3304
موفتی پێنجوێنی

ناوه‌ڕۆك

موفتی پێنجوێنی

١٨٨١ز-١٩٢٥ز

ناوی (مەلا عەبدوڵڵا کەریم)ـە، لە ساڵی (١٨٨١) لە دێی بێستانە لە ناوچەی پێنجوێن لەدایکبووە، لە تەمەنی منداڵیدا چووەتە بەر خوێندنی حوجرە، لە سەرەتادا لای باوکی خوێندوویەتی، ئینجا بەدوای خوێندندا کەوتۆتە گەڕان بەناو شارەکانی کوردستاندا وەک:
(پێنجوێن، مەریوان، بانە، سەقز، بۆکان، مەهاباد، سەراو، سەروچاوە، بیارە).
لە کاتێکدا کە دوا قۆناغی خوێندنی لە بیارە دەبێت، بەهۆی زیرەکی و قسەڕەوانییەوە، مەلای گەورەی ئەو کاتەی بیارە مامۆستا (مەلا عەبدولقادر) نازناوی موفتی پێبەخشیوە چونکە هەر لەوکاتەدا موفتی شاری سنە ناوی (مەلا عەبدوڵڵای موفتی) بوو ئەمیش ئەمیش بەهەمان یادەوە ئەم نازناوە پێ دەبەخشرێ.
لە ساڵی (١٩٤٦)ز کە کۆماری کوردستان لە مەهاباد دامەزرا، هەرچەندە نەخۆش بوو، بەڵام خۆشەویستی ئەم سەربەخۆییەی کوردستان گەیاندییە ناوجەرگەی ئەم کۆمارە، تا بەچاوی خۆی ئاواتی چەند ساڵەی ببینێت، لەوێ چەند پارچە هۆنراوەی بۆ کۆماری کوردستان نووسیوە و لە گۆڤاری (هەڵاڵە) بڵاوی کردۆتەوە.
لە ڕۆژی ١٥/٦/١٩٥٢ز کۆچی دوایی کردووە و لە گۆرستانی (حاجی شێخ)دا لە پێنجوێن بەخاک سپێردراوە.

سەرچاوەی شیعرەكانی

موفتی لە کاتێکدا ئەو دیمەنە جوانانەی کوردستانی دیوە و بەناو گوڵ و گوڵستانەکاندا گەڕاوە و ئیلهامی شیعری پیبەخشیوە.

هۆنراوەی موفتی زادەی بیرێکی خۆماڵی و ئێش و ئازاری تێکڕای نەتەوەکەی بووە. چاوی لە ئاسۆی ڕزگاری کورد و پێشکەوتنی باری ژیان و دۆخی کۆمەڵایەتی کوردستان بوو. وەکو نیشتمان پەروەرێک بڕوای بە ڕاپەڕین و سەکەوتنی گەلەکەی بووە. لە هۆنراوەکانیدا هانی ئیشکردنی داوە، جوتیار و ڕەنجبەرانی لاواندووەتەوە، بە گژ زۆرداراندا چووە، ڕەخنەی لە دەرەبەگایەتی گرتووە.
لە بواری بڕوابوون بە سەربەستی و توانای ئافرەت و هێنانە کۆڕی ئیشکردنی سیاسی و پشت بەستن بە توانای ئافرەت، هەمیشە ئافرەتی بۆ ئیشکردن و باوەڕ بەخۆکردن هانداوە، سەربەستی ئافرەتی بە بەردی بناغەی گۆرانکاری داناوە، لە ڕووی ڕوخسارەوە هۆنراوەکانی سادە و ڕەوان و بێ گرێن، خوێندەوار و نەخوێندەوار تێیدەگەن.
لە ساڵی (١٩٥٩) بەشێک لە هۆنراوەکانی بە ناوی (سۆزی نیشتمان) چاپکراوە. لە ساڵی (١٩٩٠)ز سەرجەم هۆنراوەکانی بە ناوی (دیوانی موفتی پێنجوێنی) چاپکراوە. 

نموونەیەک لە هۆنراوەکانی

گەورەیەک

گەورەیەک بۆ کەس نەبێ سێبەری
خۆم بۆ بگێڕم لە دەوری ســـــەری؟
بە وشکی بۆچی ببمە مەیتــــەری
وەختێ دەرکەوێ هەستــم لەبەری
هەر خۆی دایمە هەوڵـی ژیانی بێ
یاخوا ئەو گەورە بەشـی نەمان بێ
گەورەیەک چاوی لـــە فەقـیر نەبێ
دەربەست ژیانی جوان و پیر نەبێ
مێمل بەماڵ و دوژمن بە جان نەبێ
یاخوا ئەو گەورە بەشی نەمان بێ
گەورەیەک ساتێ لەژێر دەستی ئەو
ئارامم نـــەبێ بێ خـــۆراک و خەو
پاسەوانـــی بم بە ڕۆژ و بە شەو
جوێن و شەقیش بێ بەراتەکەی ئەو
ئەگەر شۆرەتی وەک سولەیمان بێ
یاخوا ئەو گەورە بەشی نەمان بێ


سەرچاوەکان



2655 بینین